ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣/٣/٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی شاڵاو کۆسرەت رەسول پێشوازی کرد لە وەفدێکی دامەزراوەی بحر العلوم کە پێکهاتبوو لە عەلی الغریفی بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دیداری بەحر العلوم بۆ گفتوگۆو دکتۆر عەمار ئیبراهیم بەحر العلوم بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دامەزراوەی بەحر العلوم.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندی قووڵ و مێژوویی نێوان بنەماڵەی بەحر العلوم و سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و فراوانترکردنی کردەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەفدی میوان کارو چالاکییەکانی دامەزراوەکەیان بۆ شاڵاو کۆسرەت رەسول روونکردەوەو ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانجیانە لە چالاکییەکانی داهاتوویاندا رۆشنبیران و ئەکادیمیانی کورد بەشداری فراوانتر بکەن و هەموو پێکەوە هەوڵ بدەن بۆ پەرەپێدانی گیان لێبووردن و پێکەوەیی لە عێراق.
لای خۆیەوە شاڵاو کۆسرەت رەسول دەستخۆشی لە ستافی دامەزراوەکە کرد بۆ چالاکییەکانیان و هەموو جۆرە پاڵپشتی و پشتیوانیەکیشی بۆ دەربڕین و هیوای خواست لە داهاتوودا کاری هاوبەش ئەنجام بدەن و وەک چۆن لە رابردوودا سەرکردەکانی هەردوولا لەپێناو یەک ئامانج تێکۆشاون، بەهەمان رۆحیەت کاربکەن لەپێناو عێراقێکی فیدرال و دیموکراتی فرەنەتەوەو فرە ئایین.



